بەهۆی ئاگرە گەورەکەی کە دوو ڕۆژە لە ناوچەی کەنگاوەر لە کرماشان بەربووە، هەر نەبێ ٢٥٠ هێکتار مێرگ و مەزرا سووتان.
شەریف خوسرەوی وێڕای پشتڕاستکردنەویە ئەو هەواڵە دەڵێ ئەو ئاگرە بەهۆی کەمتەرخەمی و پارێزنەکردنی خەڵک لە ناوچەی ” بزاو” لە تەنیشت گوندەکانی “سەرمەست” و “تاڵان” کەوتۆتەوە و لەوێوە ناوچەکەی داگرتوە.
ئەو گوتی ئاگرەکە نیوەڕۆی هەینی هەڵگیرساوە و تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە درێژەی بووە و سەرەڕای هەوڵی زۆری خەڵکی ناوچەکە زۆر بە زەحمەت کوژاوەتەوە.
خوسرەوی گوتی هێزی یارمەتی لە شارەکانی سۆنقوروکولیایی، سەحنە و هەرسین بە هاواری خەڵکی کەنگاوەرەوە چوون، بەڵام کاربەدەستانی پارێزگای کرماشان هێلیکۆپتێریان بۆ گواستنەوەی ئەو هێزانە و کوژاندنەوەی ئاگرەکە پێنەداون. ئەو هەروەها ڕەخنەی توندی لە زۆرێک لە ئۆڕگان و ئیدارەکانی شاری کەنگاوەر گرت کە لەو ڕووداوەدا خەمسارد بوون و ئەرکی خۆیان بەجێ نەهێناوە.
شایانی باسە کە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار لە مێرگ و مەزرا و دارستانەکانی کەنگاوەر لە ئاگردا سووتاون و لە دوایین ئاگرکەوتنەوەدا کە ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژ لە ناوچەی “خوشکە” و ” سەرائیلان”ی کرماشان رووی دا، ٣٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە سووتابوون.