بڕی شەهرییەی ناونووسیی منداڵان لە باخچەکانی ساوایان لە مەهاباد دیاری کرا. بەپێی ئەو نرخە ناونووسیی منداڵان لە باخچەکانی ساوایان بەشی دەوڵەتی٣٧٣هەزار تمەن و لە بەشی غەیرە دەوڵەتیدا ٩٠٠ هەزار تمەنە.
حوسێن جەهانبین، جێگری بەشی خوێندنی سەرەتایی لە ئیدارەی پەروەردەی مەهاباد دەڵێ ساڵی ڕابردوو بنەماڵەی قوتابییانی قۆناغی باخچەی ساوایان ( پیش دبستانی) بڕی ٣٢٤ هەزار تەمەنیان بۆ ناونووسی دەدا، بەڵام ئەمساڵ بە زیادکردنی سەدی ١٥ی نرخەکان بڕی ٣٧٣ هەزار تمەنیان لێ وەردەگیرێ و هەروەها دەبێ بڕی ٧٥٠٠ تمەنی دیکەش بۆ بیمەی منداڵەکانیان لە کاتی ناونووسیدا بدەن.
ئەو گوتی جیا لەوانە تێچووی هاتوچۆی منداڵەکان و هەروەها دابینکردنی کەرەستەکانی خوێندن و خواردن لەو شوێنانەش هەر لە ئەستۆی بنەماڵەکان دەبێ.
حوسێن جەهانبین لە پێوەندی لەگەڵ نرخی ناونووسی لە ناوەندە نادەوڵەتییەکان گوتی: نرخی ناونووسی لەو ناوەندە غەیرە دەوڵەتییانە بە سەرنجدان بە ئیمکانات و خزمەتگوزارییەکانیان لە نیوان ٩٠٠ تا ٩٥٠ هەزار تمەن دەبێ.
وەرگرتنی پووڵی زۆرەملێ لە بنەماڵەی قوتابییان لە حاڵێک دایە کە بەپێی پەسندکراوەکانی خوێندن و قانوونی بنەڕەتیی ئێران خویندن دەبێ ئیجباری و خەرجەکەشی لەسەر شانی دەوڵەت بێ بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی کۆمەڵگا بتوانێ خۆی تێدا ببینێتەوە. کەچی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان دەڵێن ئەو بودجەیەی دەوڵەت پێیان دەدا بەشی یەک مانگی تێچووەکانی قوتابخانە ناکا.