ئاڵای کوردستان لە سەر چیای ئاوییەری سنە شەکایەوە.
ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە سنە لە چالاکییەکی تەبلیغیی دیکەدا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە هەڵدانی ئاڵایەکی گەرەی ٢٥ میتری لە سەر چیای ئاوییەر ڕوو بە شاری سنە، شادی و دڵخۆشییان بە خەڵکی سنە و ناوچە بەخشی.
لاوانی شاری سنە کە چاویان بەو دیمەنە کەوتبوو لە دوور و نیزیکەوە خۆیان دەگەیاندە شوێنی هەڵدانی ئاڵاکە و وێنەیان لەگەڵ دەگرت، تا ئەوەی هێزە ئەمنیەتییەکان دەگەنە شوێنەکە و لەگەڵ بڵاوەپێکردن بە خەڵکەکە، هەوڵی کۆکردنەوەی ئاڵاکە دەدەن. بەپێی هەواڵ ناوەندە ئەمنیەتییەکان دوو کەسیان لەو کاتەدا دەسبەسەر کردوە.
تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات کە سەرەڕای کەشی توندی ئەمنیەتی بەڵام لە چالاکییەکانیان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ بەردەوامن، پلاکاردێکی گەورەیان بە دروشمی “بژی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان” لە سەر چیای ئاوییەر ڕوو بە شاری سنە هەڵواسی.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیەوە دەسخۆشی بەو تێکۆشەرانە گوتوە و سڵاوی بۆ ناردوون.