لە درێژەی دژکردەوەکان بە ئێعدام و لە سێدارەدانی لاوانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە بیانووی پڕ و پووچ و نێوهڵوڵ و بەبێ تێپەڕکردنی رەوتی دادگایی و لێپرسینەوە بە دەسپێشخەریی ئەندامانی حدک، لە باکووری یولەندی دانمارک، شاری تیستێل، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدەربڕین بەڕێوەچوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە سەر لە بەیانی پێنجشەممە، ٢١ی گەلاوێژ بە بەشداریی کوردان و ئێرانیانی دانیشتووی ئەو دەڤەرەکە و هەندێک لە هاووڵاتییانی دانمارک بەڕێوەچوو، بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان وتارێک بە زمانی ئینگلیزی لەسەر سیستمی سەقەتی دادوەری ئێران و بەبێ هۆ لە سێدارەدانی لاوانی کورد لەو وڵاتە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دواتر سیروان ئەقدەم بە نوێنەرایەتی ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەشدار لەو ئاکسیۆنە، لە توێی وتارێکدا ئاوڕی لە رەوتی نالەباری زیندانیانی کورد لە ئێران دایەوە و وێڕای مەحکوومی ئەو کردەوە دژی مرۆییانەی رێژیم هاوخەمی حیزبی دێموکڕاتی بۆ بنەماڵەی شەهیدان و ماڵباتی بەبێ هۆ لە سێدارەدراون نیشان دا.
هەروەها فارس زمانانی ئامادەبووی خۆپیشاندانەکە، وتارێکیان خوێندەوە و دەگەڵ مەحکومکردنی کردەوەی رێژیم لەمەڕ لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوانی کورد، بێزایری خۆیان لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی نیشان دا.
دوابڕگە کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پێشکەش کردنی چەپکە گووڵ بە ئەو دانمارکییانەی بەشداری ئاکسیۆنەکە بوون.