پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی فایلی ده‌نگی حوسێنعه‌لی مونته‌زێری، ڕاگه‌یه‌نه‌كانی سه‌ربه سپای پاسداران و ده‌زگای قه‌زایی دژكرده‌وه‌یان توندیان له خۆ پیشان دا و ئەو کارەیان بە تۆڵه‌سه‌ندنه‌وی به‌یتی مونته‌زێری له خومه‌ینی ناوبرد.
ڕۆژی سێشه‌ممه، ١٩ی گەلاوێژ سایتی مونته‌زێری فایلێكی ده‌نگیی له قسه‌كانی ئه‌م مه‌رجه‌عه شیعه‌یه كه بۆ ٢٤ی گه‌لاوێژی ساڵی ٦٧ ده‌گه‌ڕێته‌وه بڵاوكرده‌وه. ناوبراو لەو فایلەدا به توندی ڕه‌خنه له ئێعدامكردنی ئه‌ندامانی ڕێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵق ده‌گرێ كه له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و كاتی ده‌وڵه‌ت وه‌ك حوسێنعه‌لی نەییری، حاكمی شه‌رع؛ موڕته‌زا ئه‌شراقی، دادستان؛ ئیبراهیم ڕه‌ئیسی جێگری دادستان و مسته‌فا پوورمحه‌ممه‌دی نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ئیتلاعات له به‌ندیخانه‌ی ئێڤین به‌ڕێوه‌ده‌چوو.
مونته‌زێری له چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م كاربه‌ده‌ستانه‌ی ئه‌وكات، ئه‌م ئێعدامانه به “جینایه‌ت” ناو دەبا و دەڵێ ئێوەش هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری كه له لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه دیاری كرابوون، وەک “جینایه‌تكاری مێژوو” ناوتان دەمێنێتەوە.
مونته‌زێری چه‌ند مانگ پاش ئه‌م قسانه‌ی له لایه‌ن ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامییه‌وه له سه‌ر كار لابرا و لە ماڵەکەی خۆیدا بەند کرا.
شایانی باسە فایلی ده‌نگی قسه‌كانی مونته‌زێری له‌باره‌ی ئێعدامه‌كانی ساڵی ٦٧ له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی ئیتلاعات له‌سه‌ر سایت لابرا.