لاوانی نیشتمانپەروەری کوردستان
کچان و کوڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان
بە بۆنەی رۆژی جیهانی لاوان پر بە دڵ پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم لەم رۆژە جیهانییەدا بتوانن پەیامی ویست و داخوازییەکانتان بگەیەننە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و خواست و داخوازییەکانتان هەم بۆ توێژی لاو، هەم بۆ کورد وەک مافەکانی و هەم بۆ کۆمەڵگه وەک دێموکراسی، لە گۆڕەپانی گەورەی نێودەوڵەتیدا ببیسرێ و کاری بۆ بکرێ.
لە سەردەمێکدا کە سەردەمی بەجیهانیبوونە، دیاری کرانی رۆژێکی جیهانی بۆ لاوان لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان بەو واتایە دێت کە لاوان بە تەبیعەتی تەمەنیان چالاکن و هێزێکی کاریگەرن لە گۆڕانکارییەکان و ئەمەش دەسکەوتێکە بۆ چالاکی لە زۆربەی شوێنەکانی دنیا، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە لاوان لە مافەکانیان بێبەشن، ئەو رۆژە دەرفەتێکە کە بە چالاکی و تێکۆشان، پەیامی خەباتی خۆیان بگەیەنن بە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی.
لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان!
میژووی خەباتی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی، غائیب نەبوە لە بەشداریی لاوان، سەردەمی کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان و پێشەوای حیزبی دێموکرات بە رێزەوە بیری لە داهاتووی لاوان دەکردەوە و لە سەردەمێکدا کە بیری عەشیرەیی زاڵ بوو و کۆمەڵگه زۆربەی بێسەواد بوون، پێشەوا قازی زۆر وردبینانە لە فکری پەروەردەکردنی لاواندا بوو بۆ داهاتووی کۆمەڵ و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. هەر لەسەر ئەو بنەما فکری و فەلسەفییەی پێشەوا قازی، یەکیەتیی لاوان کەوتە نێو جەریانی خەباتی حیزبی دێموکرات و هەر ئەمەش بوو بە هۆکار کە چارەنووسی سیاسیی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات لە رۆژهەڵات یەکیەتیی لاوانیشی گرتەوە، هەر بۆیەش بیرۆکەی سیاسیی یەکیەتیی لاوان و هێنانە گۆڕی پەیام بۆ داهاتووشیان بێرەبت نییە بە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات. تەنانەت یەکیەتیی لاوان لە سەردەمی بەرگری چەکدارانەی حیزبی دێموکرات کە هێزی پێشمەرگە بە شێوەی نیزامی دیفاعی لە کوردستان و نەتەوەی کورد و ویست و داخوازییەکانیان دەکرد، ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە ریزی هێزی پێشمەرگەدا هەوڵیان داوە لاوان بە رێکخستن بکەن و پۆل پۆل ئاشنایان بکەن بە حیزبی دێموکرات و بەرنامە و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە و یەکیەتیی لاوان.
کچان و کوڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان!
پێویستە لە سەردەمی ئیستادا کە سەردەمی مۆدێرنیزاسیۆنە، کەڵک وەرگرتن لە مێدیا، بەتایبەت سۆشیال میدیا و سۆشیال نێتوۆرک وەک گۆڕەپانێکی گشتیی بۆ هێنانە گۆڕی ماف و داخوازییەکانتان بەهێز بکەن و پەرەی پێ بدەن و بە چالاکیی ژینگە پارێزی و زمان پارێزی و پێکهێنانی گرووپی شاخەوانی و گرووپگەلی دیکەی مەدەنی، رۆژی جیهانی لاوان بکەنە دەرفەتێک بۆخۆتان کە لەو رۆژەدا بە شێوەی مەدەنیانە ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانتان مەترەح بکەن و لە فەزای داخراوی سیاسیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە بچوکترین دەرفەتەکان بۆ هێنانە گۆری ویست و داخوازیەکانتان کەڵک وەربگرن و هیچ هەلێک بۆ هێنانە گۆری ویست و داخوازیەکانتان لەدەست مەدەن.
لە کۆتاییدا هیوادارم لاوان وەک داینەمۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و هیوای دوارۆژی نەتەوەکەمان، ببنە هۆی ئاشتەوایی نیوان لایەنە سیاسییەکان و هەروەها ببنە ئاسۆی گەیشتنی کوردان بە ئاواتە دێرینەکەی نەتەوەی کورد واتا رزگاریی نەتەوەیی.
جارێکی تر بە بۆنەی رۆژی جیهانی لاوان پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بە هەموو لاوانی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵات بە تایبەتی دەڵێم.
ساغ و سڵامەت و سەرکەوتوو بن
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
11/08/2016