یەکێک لە بریندارانی ڕووداوی پەلامارەکەی ڕۆژی سێشەممە بۆ سەر ماشێنێکی هێزە ئینتیزامییەکانی مەریوان لەبەر سەختیی برینەکەی گیانی لە دەست دا.
ئێوارەی درەنگ وەختانی ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی گەلاوێژ دوو ماتۆڕسوار لە
نیوان مزگەوتی مەلابیسارانی و ستادیۆمی وەرزشیی مەریوان نارنجکێکیان خستە نێو ماشێنێکی سەمەندی هێزە ئینتیزامییەکان.
لەو هێرشەدا هەر سێ سەرنشینەکەی سەمەندەکە بە توندی بریندار بوون کە دوای ڕۆژێک ئومید مروەتی، یەک لەوان گیانی لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردکاناڵ ئەو دوو ماتۆڕ سوارە لە کاتی هاویشتنی نارنجۆکەکە بۆ نێو هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیم گوتویانە ” مەریوانتان لێ دەکەین بە دۆزەخ”.
شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ نەگرتوە، بەڵام وەک دیارە کاردانەوەیەکی تۆڵەستێنانە بە ئێعدامەکانی ئەم دواییانە لە کوردستان بێ.