لە درێژەی شەپۆلی فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسی لە کوردستان، لە شاری بانەش ماوەیەکە فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر مامۆستایانی ئایینیی زیادی کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد پیلانگێریی رێژیم لەلایەن شوڕای ڕوحانییەت و ئیتلاعات و تەنانەت هەوڵی تێرۆریستی، بەشێک لە کردەوەکانی دار و دەستە دیار و نادیارەکانی ئەوانن.
هەواڵەکان لە بانە باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای چەند جار هەڕەشەکردن لە مەلا عەبدولباقی سەعیدی، مامۆستا و وتاربێژی مزگەوتی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس بۆ وازهێنانی لە بەڕێوەبردنی نوێژی هەینی لەو مزگەوتەدا، سەرەڕای نارەزایەتیی خەڵک پێشیان بە نوێژکردنی خەڵک لەو مزگەوتە گرت و هەروەها هەڕەشەی دادگاییکردن لە مەلا باقی کراوە.
لە کردەوەیەکی دیکە کە بە زۆری خەڵک بە کاری دەزگاکانی رێژیمی دەزانن، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، ١٥ی گەلاوێژ لە مزگەوتی کەوپێچی خواروو، کاتێک مامۆستا مەلا محەممەدی ئەدیبی؛ مامۆستا و وتاربێژی مزگەوت بۆ وتاردان دەچێتە مێحرابی مزگەوت و میکڕۆفۆنەکە هەڵدەکا، بڕق دەیگرێ و لە سەکۆی مێحڕابەوە فڕێ دەدرێتە خوارەوە و شانی دەشكێ.
بەپێی زانیارییەکان مێکڕۆفۆنەکە پێشتر دەسکاری کراوە و بەڕقیان پێ وەسڵ کردوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەگەڵ گەیاندنی ئەو هەواڵە ئەم پیلانانە لە دژی مامۆستایانی ئایینی کە لەلایەن خەڵکی ناوچەوە رێزیان لێدەگیرێ مەحکووم دەکەین.