لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکانی ئەندامانی حیزب لە شار وناوچەکانی کوردستان، لە دوو شاری مەریوان و دیواندەرەش چالاکیی تەبلیغی کرا.
لەو چالاکییە تەبلیغییانەدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی رێبەرانی شەهید، دروشم و تڕاکتی تەبلیغی لەگەڵ دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پەیمانی وەفا نوێ کراوەتەوە و ڕوو بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتراوە کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەر وەک هەمیشە حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
ئەو شوێنانەی لە مەریوان چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە بریتین لە:
گەڕەکەکانی دەورووبەری فەرمانداری، کۆڵانی نێهزەت، کۆڵانی مەردووخ و کۆڵانەکانی دەوربووەری مزگەوتی نەبی.
ئەو شوێنانەی شاری دیواندەرەش بە دروشم و تڕاکتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕازاونەتەوە:
گەرووی هاتنە نێو شاری دیواندەرە، مەیدانی بەسیج، شاری بێهداشت، شەقامی١٦ میتری، شارۆچکەی ئەندێشە، پارکی ٢٢ی گوڵان و گەڕەکی سەلاحەددینی ئەیووبی.
چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی مەریوان و دیواندەرە لە حاڵێک دایە کە پێشتر لە شارەکانی کرماشان، مەهاباد و پیرانشاریش چەند جار و بە شێوەی بەربەرین چالاکیی تەبلیغی کراوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە دەسخۆشیی لە ئەندامانی هەڵسووڕ و بە جەرگی حیزب کردوە کە سەرەڕای کەشی ئەمنیەتیی توندی زاڵکراو بە سەر کوردستاندا، بە چالاکیی تەبلیغی دڕیان بەو شەوەزەنگە داوە و پەیمانیان لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان نوێ کردۆتەوە.