شاندێکی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کرد و لەو دیدارەدا رووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستان و ئێران هەڵسەنگێندران.
پێش نێوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه، ١٨ی گه‌لاوێژ، هەیئەتێکی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک عومه‌ر ئیلخانیزاده سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و له لایەن هەیئەتێکی رێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێ‌کرا.
له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا دوای به‌خێرهاتنی وه‌فدی میوان له‌لایه‌ن کاک خالید عه‌زیزییه‌وه، کاک عومه‌ر ئیلخانیزاده خوێندنه‌وه‌یه‌کی له دۆخی ئێران و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و گوتی: کۆماری ئیسلامی له قه‌یران دایه و له هه‌ر روویه‌که‌وه لێی بڕوانی دۆخێکی سه‌قامگیری نییه. به‌ڕێزیان له درێژه‌ی قسه‌کانیدا به ئاماژه کردن به‌وه‌ی که پێده‌چێ له داهاتوودا گوشاره‌کانی ده‌ره‌کی له سه‌ر ئێران زیاتر بێ و، له سۆنگه‌یه‌وه پرسی کورد له ئێران‌دا زیاتر له هه‌نووکه ببێته رۆژه‌ڤ.
سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان وێرای پێداگری له سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵات، هه‌رچه‌شنه لێکنزیکبوونه‌وه‌یه‌کی لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی به قازانجی پرسی کورد له ئێران‌دا دایه قه‌ڵه‌م. بەڕێزیان هه‌روه‌ها هاوئاهه‌نگی و به‌رنامه‌داڕێژی لایه‌نه‌کانی بۆ بردنه‌پێشی خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵات به پێویست زانی.
له درێژه‌ی ئه‌م دانیشتنه‌دا کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆچوونی خۆی و حیزبی سه‌باره‌ت به پرسه‌کانی ئێران و کوردستان هێنایه ئارا. به‌ڕێزیان وێرای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی که ئێران له بازنه‌ی ئه‌منییه‌تیدا بۆ دنیای ده‌روه کێشه‌سازه، گوتی: ئێران له فاکته‌ری مه‌زهه‌بی به قازانجی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و له ئاڵوگۆڕه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا و به تایبه‌ت له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعشدا یاری ده‌کا و به قازانجی خۆی که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرێ.
کاک خالید عه‌زیزی له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا گوتی: به‌ره‌وپێشچوونی خه‌بات له رۆژهه‌ڵاتدا و، له‌م نێوه‌دا هه‌رچه‌شنه حه‌ره‌که‌تێکی خه‌باتکارانه له فازێکی گه‌وره‌تردا، پێویستی به هه‌ماهه‌نگی و هاوکاریی نێوان لایه‌نه‌کان هه‌یه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵات به جیددی هه‌وڵ بۆ دروست کردنی میکانیزمێکی گونجاوی هه‌ماهانگی و هاوکاری له نێوان خۆیاندا بده‌ن.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه کرد که لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵات ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌کی واقیعبینانه بۆ توانا و پتانسیهلهکانیان بکه‌ن و وێرای توندوتۆڵ کردنی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ نێوخۆی رۆژهه‌ڵات، کاری جیددی بۆ هاتنه مه‌یدانی زیاتری خه‌ڵک و به‌هێزکردنی خه‌بات له نێوخۆدا بکه‌ن.
کاک خالید عه‌زیزی له کۆتایی باسه‌که‌یدا وێڕای ئاماده‌یی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ هه‌رچه‌شنه هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌کان، له سه‌ر ئه‌وه پێی داگرت که پێویسته که ئاڵوگۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و کوردستان له به‌رچاو بگرین و به‌رده‌وام خۆمان ئاپده‌یت بکه‌ینه‌وه و میتۆدی نوێی خه‌بات بێنیه ئارا.