کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم گیانی لێ ئەستێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مروڤی کوردستان سەلام حافزی لە ناوچەی ئالان سەر بە شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکان کوژرا.
کوژرانی سەلام حافزی لە حاڵێک دایە کە لە مانگی رابردودا، بە هۆی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هەرنەبێ ١٥ کەس گیانیان لە دەست داوە.
چالاکانی کورد دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە کوشت و کوشتاری کۆڵبەرانی کورد، لە هەوڵێ ئەوە دایە لە ناوچە سنوورییەکان هیچ کەسێک کاسبی نەکا و ناوچەکە بکاتە ناوچەیەکی نیزامی، ئەمە لە حاڵێک دایە کە لە بازاڕچەی سنووریی سەردەشت هەزاران کەس لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بژیوی خۆیان دابین دەکەن. ئامارە رەسمییەکان دەڵێن نیزیک بە ١٥٠٠ کەس لە ناوچە سنوورییەکان بە کۆڵبەری بژیوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام سەرچاوە ناوچەییەکان دەڵێن ئەو ئامارە زۆر لەوەندە زیاترە.