تەلەڤیزیۆنی کورد کاناڵ ماوەیەکە پاڕازیتی دەخرێتە سەر و ماوە ماوە پێش بە بڵاوبوونەوەی دەگیرێ.
بەڕێوەبەریی کورد کاناڵ لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاندوە کە ماوەیەکە تەلەڤیزیۆنی کورد کاناڵ، بە شێوەی پچڕپچڕ، کەوتۆتە بەر پەلاماری شەپۆلی پاڕازیتێکی بەهێز کە تەنانەت زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئورووپاشی گرتۆتەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە نیشانەکان دەریدەخەن ئەو پاڕازیتە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە خراوەتە سەر کورد کاناڵ و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هاتبێرد لە پێوەندیی بەردەوام داین بۆ چارەسەری و ڕەواندنەوەی ئەو گرفتە تێکنیکییە.
ئەگەرچی تا ئێستا هیچ كام لە ناوەندە حكومەتییەكان بە ڕەسمی بەرپرسایەتی ئەو كارە وە ئەستوو ناگرن و تەنانەت مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێرانیش خۆی لە بەرامبەر بوونی ئەو پاڕازیتە بە بەرپرس نازانێ؛ بەڵام بەپێی زۆر بە دواداچوون و زانیاری سپای پاسداران و “ستادی فەرمانی ئیمام” بەرپرسی ناردنی پاڕازیت بۆ سەر کاناڵە کوردییەکانن.
شایانی باسە شەپۆلی پارازیت جگە لەوی وادەکا خەڵک بە رادەیەکی کەم دەستیان بە میدییاکان بگا، لەڕووی داتا پزیشکییەکان زیانێکی گەورەی دەرونی و جەستەییش دەخاتە سەر مرۆڤ بە تایبەت منداڵان.