کرێکارێک لە مەهاباد و کرێکارێکی دیکەش لە شاری جوانڕۆ خۆیان کوشت.
بەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٦ی گەلاوێژ کرێکارێکی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ئەنوەر ئازوەر کە خێزاندار و دانیشتووی گەڕەکی پشت تەپ بووە، خۆی هەڵاواسیوە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
ناوبراو بە دەستفرۆشی و دەستگێڕی هەوڵی هەڵسووڕاندنی ژیانی بنەماڵەکەی دەدا، بەڵام هەژاری بڕستی لێدەبڕێ و لە باری ڕووحییەوە دەڕووخێ و کۆتایی بە ژیانی دێنێ.
هەواڵەکان لە شاری جوانرۆش باس لەوە دەکەن کە کەسێک بە ناوی (م . ک) لە کۆڵانی بەهار ژمارە ٧ کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
جێی باسه لە کاتێکدا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئاماری خۆکوژییەکان لە کوردستان زیادی کردوە کە ناوەندە حکوومەتییەکان هیچ هەڵوێستو کاردانەوەیەکیان بۆ دۆزینەوەی هۆکار و پاڵنەرەکانی ئەو خۆکوژییانە نەبوە.
کارناسانی کۆمهڵایهتی دهڵێن هەژاری، بێکاری و نەبوونی دەرەتانی کار لە کوردستان بە کۆمەڵێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی دادەنرێن و لە پارێزگا كوردەكان، ئیلام، كرماشان، سنە، ورمێ و لۆڕستان ئاماری بێكاریو خۆكوژیی لە ئاستێكی بەرز دان..