بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە کاتژمێر ١٠ و ١٥ خولەکی سەرەلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٥ی ئاگوستی ٢٠١٦ی زایینی بەرامبەر بە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، “کەسایەتی ناسراو و پشتیوانی هەمیشەیی بزووتنەوەی گەلەکەمان و حیزبی دیموکراتی کوردستان ” کاک حاجی ڕەووف کەریمی، لە تەمەنی ٨٣ ساڵی دا و بە هۆی نەخۆشی لە شاری ئوپسالا،ی وڵاتی سوید ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەمان کرد. کاک حاجی ڕەووف کەریمی یەکێک لە کەسایەتییە ناسراو و خۆشناوەکانی شاری بانە و بنەماڵەی شۆڕشگێڕی کەریمی بوو. بنەماڵە کەریمی کە بە بناخەدانەرانی پێگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری بانە دا ناسراون، لە ڕیزی ئەو دەگمەن بنەماڵانە دان هەموو کات جێگە پەنجەیان بە شۆڕش و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دیار بووە. ئەو مرۆڤە خۆشەویستە برای شۆڕشگێڕی ناسراوی گەلەکەمان قاقەی کەریمی و شەهیدی سەربەرز کاک عوسمان کەریمی و شۆڕشگێڕ و خەباتکاری ناودار کاک هاشـم کەریمی و مامی تێکۆشەر کاک کەمال کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. کاک ڕەووف هەرچەندە خۆی ڕاستەوخۆ تەڤلی شۆڕش و خەبات نەبوو، بەڵام بە درێژایی لانی کەم ٥٠ ساڵی ڕابردوو، چ سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی و چ سەردەمی ڕژیمی ئیسلامی ئێران هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی شۆڕشگێڕانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. لە سەردەمی ڕژیمی ڕوخاوی حەمەرەزا شای پەهلەوی دا و ئەو کاتانە کە براکانی بە هۆی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەیانەوە یان لە بەندیخانە دا بوون یان دەربەدەر و پەڕیوەی باشوور کوردستان ببوون، کاک رەووف وەک برایەکی ئازیز سەرپەرستی بنەماڵەکانی کردن و هاریکارێکی باش بوو، بۆ ئەوەی برا شۆڕشگێڕەکانی بە خەیاڵی ئاسوودەوە درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن. ئەو لەو سەردەمانە دا کە خوێندن لە شاری بانە دا لە ئاستێکی زۆر نزم دا بوو هاریکاری شەهید عوسمانی برای کرد بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێکی بەرز لە خوێندن. پاش سەرهەڵدانی شرشی گەلانی ئێران دژی ڕژیمی پاشایەتی و هاتنە سەر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، کاک ڕەووف بە هۆی هەڵوێست و جێگە و پێگەی برا شۆرشگێڕەکانیەوە و ئەو دۆخە ئەمنیەتی و سەربازییەی کە ڕژیمی تازە بە دەسەلات گەشتوو بە سەر کوردستان دا زاڵی کرد، ناچار بە جێ هێشتنی ماڵ و ژیانی لە ناو شار بانە بوو و ڕووی لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەلاتی پێشمەرگە کرد، بەڵام دیسانەوە لە لایەن دەست و پێوەند و جاشە بەکرێگیراوەکانەوە پێوشوێنی هەڵگیرا و لە گوندی خوڕیاوای بانەوە ڕفێندراوە و برایەوە بۆ ناو شاری بانە و خرایە بەندیخانەوە. کاک ڕەووف بە درێژایی ماوەی بەندکرانی و سەرەڕای ئەشکەنجە و ئازاری جەلادانی ڕژیم، بەڵام بۆ تاکە ساتێک لە بەرامبەر نەیارانی دا چۆکی دا نەدا و خۆڕاگر و قاییم سوور بوو لە سەر هەڵوێستی کوردانەی خۆی. هەرچەندە بۆ ماوەیەک ئازاد کرا، بەڵام بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرایەوە و ئەمجارەیان بۆ ماوەی٣ مانگی دیکە خرایەوە بەندیخانە. پاش ئازاد کرانی لە زیندان و پاش ئەوە کە دڵنیا بوو لەوەی مانەوە ژیانی دەخاتە مەترسییەوە، وازی لەو هەموو سەرەوەت و داراییە زۆرەی هێنا و دیسانەوە هاوڕێ لەگەڵ ماڵ و منداڵی ڕێگەی شاخ و خەباتی گرتەوە بەر و ئامادە نەبوو ژیانی ژێردەستی قبووڵ بکات. کاک حاجی رەووف بە درێژایی ٣٦ سال خەباتی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە هەموو قۆناغەکاندا هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ شۆڕش و حیزبی دیموکرات دا مایەوە. ماڵەکە هەموو کات بنکەی حەسانەوە و داڵدەدانی شۆڕشگێڕ و خەباتکارانی هەردووک دیوی سنوور بوو. پاش گیرانەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و ساڵی ١٩٩٧ی زایینی و بە هاریکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پەنابەر گەشتە وڵاتی سوید و تا دوا ساتەکانی تەمەنی دڵی بۆ ئازادی گەل و وڵاتەکەی و سەرکەوتنی خەباتی ڕەوای کورد لێی دا. بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا کە بەرهەمی زەحمەت و ماندوو بوونی دەیان ساڵەی خۆی و بنەماڵەکەی بچنێتەوە و سەرئەنجام ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی ناوادەی ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕ و خۆشەویستەوە پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی کەریمی بە گشتی دەکات و خۆمان لەو خەمە گەورەیە دا بە شەریک و بەشدار دەزانین.