باڵوێزی فەلەستین لە فەڕانسە دەڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران نامەیەکی بۆ مەحموود عەباس، سەرۆکی حکومەتی خودموختاری فەلەستین سەبارەت بە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مریەم ڕەجەوی ناردوە.
سەلمان ئەلهەرفی باسی لە وردەکاریی ئەو نامەیە نەکردوە، بەڵام بەپێی نیشانەکان دەبێ نێوەڕۆکی نامەکە ناڕەزایەتیدەربڕین بەو کارەی مەحموود عەباس بووبێ.
مەحموود عەباس، سەرۆکی حکومەتی خودموختاری فەلەستین ڕۆژی شەممە، ٩ی گەلاوێژ لە فەڕانسە میوانداریی مریەم ڕەجەوی، رێبەری مجاهیدینی خەڵقی ئێرانی کردبوو. بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کاردانەوەی توندی کاربەدەستانی ئێرانی لێکەوتنەوە و حوسێن شێخولئیسلام، راوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئێران بە توندی بەیاننامەیەکی لەسەر بڵاو کردەوە.
بزووتنەوەی فەتح لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە توندی مەحکووم کرد. لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بزووتنەوەی فەتح ئەوە بە مافی خۆی دەزانێ لەگەڵ هەر بزووتنەوەیەکی دیکە لەو دنیایەدا پێوەندیی هەبێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر بکا.
بزووتنەوەی فەتح لەو بەیاننامەیەدا دەڵێ ئێمە لەسەردەمی حکومەتی پاشایەتیی پەهلەویدا خانەخوێی بەرهەڵستکارە ئێرانییەکان بووین و بە هەموو توانای ماددی و نیزامیی خۆمان پشتیوانیمان لە شۆڕشی ئێران کرد و هیواداربووین کە ئەو حکومەتەی لە ئێران دێتە سەر کار پشتیوانی ئامانجەکانی خەڵکی فەلەستین بێ، بەڵام جیا لە خیانەت هیچمان لە رێبەرانی کۆماری ئیسلامی نەدی.