دوو جاشی بەدناوی رێژیم لە شاری بۆکان لەلایەن دوو چەکداری نەناسراو درانە بەر دەسترێژ.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد لە بۆکان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ١١ی گەلاوێژ خوسرەو خوسرەوی، ناسراو بە خوسرەوی ساڵەچیمەن لەگەڵ عوسمان زارعی کە هەر دووکیان لە مۆرە هەرە بەدناوەکانی سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە بۆکان بوون، لە گەڕەکی فەرهەنگیانی شاری بۆکان لەلایەن دوو ماتۆڕسوارەوە تەقەیان لێکرا.
لەو دەستڕێژەدا هەر دوو ئەو جاشە بەرکەوتن و زۆر بە توندی بریندار بوون. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە خوسرەوی ساڵە چیمەن بەڕێی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە و عوسمان زارعی لە نەخۆشخانەی بۆکان لە کۆما دان و شوێنی هەر دوو نەخۆشخانەکە لەو دوو شارە بە توندی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەپارێزرێ.
زانیارییەکان تا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە باس لەوە دەکەن کە برینەکانی خوسرەو زۆر سەختە و پزیشکەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە لەسەریان کراوە کە بە هەر جۆرێک هەوڵ بدەن ڕزگاری بکەن.
ئەو دوو مۆرە بەدناوەی ڕێژیم کە ئێوارەی دۆینێ سێشەممە هێرشیان کراوەتە سەر، دوو کەسی ناوزڕاوی ناوەندە سەرکوتگەرەکانی رێژیم بوون کە دەستیان لە شەهید کردنی کۆمەڵێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەک لەوان شەهید مەنسوور مەعرووفیدا هەبوو کە پاییزی ساڵی ٨١ ی هەتاوی لە شەقامی ٥٥ی مەجبووراوای شاری بۆکان شەهید بوو؛ هەر بۆیەش لێدان لەو دوو جاشەی ڕێژیم بۆتە هۆی خۆشحاڵیی زۆری خەڵکی بۆکان و ناوچەکانی دەورووبەری.