لە کردەوەیەکی تۆڵەستێنانەدا سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی خانکەندی کوژران.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی گەلاوێژ کەسێکی خەڵکی خانکەندی سەر ەب چۆمی مەجیدخان بە ناوی ئۆمید، کوڕی سەید حەسەن لە سێڕێیانی میاندواو _ مەڵکەندی تەقەی لە ئەندامانی بنەماڵەیەک کردوە و سێ کەسی لێ کوشووتن.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان وکورد لەو ڕووداوەدا باوک و کوڕێک بە ناوەکانی مەمیلان ڕەسووڵ قووچە و حامید ڕەسووڵ قووچە کوژراون و شیرین ئێوەر، هاوسەری مەمیلان بە توندی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.
بەپێی زانیارییەکان بنەماڵەی بکوژ لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوەکان دوژمنایەتیی پێشوویان هەیە. چەند ساڵ لەوە پێش لە شەڕێکی بنەماڵەییدا برایەکی ئومید کە دۆینێ ئەو جینایەتەی کردوە بە چەقۆ بە دەستی کوڕێکی مەمیلان دەکوژرێ.
ئەو کوڕە ئێستا لە زیندان دایە و باوک و دایک و براکەی لە کاتی چوونە سەردانی ئەو لە زیندان کوتوونەتە بەر پەلاماری ئۆمید. ئۆمید دەڵێ لە تۆڵەی برا کوژراوەکەی بە چەک هێرشی کردۆتە سەریان.
ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا ماوە بگوترێ ئەوەیە ئەو چەکەی لە ڕووداوەکەی ڕۆژی سێشەممەدا ئۆمید پێی بووە ئی سپای پاسدارانە و ئومید و سەید حەسەنی باوکی بە کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەناسرێن.
چەند ساڵ لەوە پێش و چەند جاریش سەید حەسەن و کوڕەکانی لە بڵندگۆی مزگەوتی خانكەندییەوە جنێویان بە ڕێبەرانی کورد قازی و قاسملوو دابوو.