دایە خاوەر ئەسەدزادە، دایکی کاک شۆڕش ئەسەدزادە، تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان شەوی یەکشەممە، ١٠ی گەلاوێژ لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.
دایە خاوەر حیزب خۆشەویست و کەسێکی دڵسۆزی نیشتمان بوو، ئەوەی وایکردبوو کە دوو کوڕی بۆ خەبات ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەڵبژێرن.
ئەو هەموو کات خۆشەویستی و سەرکەوتنی گەل و نیشتمانەکەی لە سەروو هەموو ئاوات و ئارەزووەکانیەوە دانابوو، هەر بۆیەش نە فشار و زەبروزەنگی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و نە بانگکرانی بەردەوام و بەندکرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات نەیتوانی کار بکاتە سەر باوەڕی پتەوی ئەو دایکە تێکۆشەرە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دایە خاوەرەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و خزمانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێ کاک شۆڕش ئەسەدزادە دەکا و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانین.