عەبدولحەمید موحتەشەم، بەڕێوەبەری حەوتوونامەی ” یالثارات” دەڵێ بێ گوێدان بە بڕیاری هەیئەتی چاوەدێری بە سەر چاپەمەنییەکان درێژە بە کاری خۆیان دەدەن و ژمارەی نوێی ئەو بڵاوکراوەیە ڕۆژی چوارشەممە لە چاپ دێتە دەرێ.
قسەکانی عەبدولحەمید موحتەشەم لە حاڵێک دایە کە وتەبێژی وەزارەتی ئیڕشاد بە ڕەسمی باسی لە ڕاگیرانی بڵاوکراوەی یالسارات و ناردنی ئەو پەروەندەیەی بۆ دادگا کردبوو.
حەوتوونامەی یالسارات لە ژمارەی دواجارتی خۆیدا بابەتێکی بڵاو کردەوە لە ژێر ناوی ئەوەی ” گەوادەکان کێن؟” و لەگەڵ بابەتەکەدا وێنەی زۆر لە هونەرمەندانی سینەمای ئێران لەگەڵ بنەماڵەکانیان داندرابوون کە لە جێژنی سینەمایی حافیزدا بەشدارییان کردبوو. لەو بابەتەدا پەلاماری جۆری جلوبەرگی ئەو هونەرمەندانە دراوە.
لەو بابەتەدا کە لە ڕۆژنامە و ئۆڕگانی ئەنساری حیزبوڵڵادا دا بڵاو کراوەتەوە، هاتوە هەر پیاوێک کە ژنەکەی خۆی بڕازێنێتەوە و خۆی جوان بکا و بەو جۆرە بێتە نێو خەڵکەوە، ئەو پیاوە گەوادە و ئەگەر کەسێکیش بەو جۆرە کەسانە کە لەبەرامبەر خۆ جوانکردنی ژن و دایک و خوشکیاندا بێدەنگن بڵێ گەواد، ئەوا هیچ گوناحێکی نەکردوە.
ئەو بابەتە شەپۆلی بێزاری و ڕەخنەی بە دوای خۆیدا هێنا.
جێی بیرهێنانەوەیە کە مۆڵەتی ئەو بڵاوکراوەیە لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو هەڵوەشا. بڵاوکراوەی ” یالسارات” ئەو کات بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی هەیئەتی چاوەدێری بەسەر چاپەمەنییەکان بەهۆی سووکایەتی بە جێگری سەرۆک کۆماری بۆ کاروباری ژنان هەڵوەشا؛ کەچی ئەو بڵاوکراوەیە لەو کاتەوە تا ئێستا بە بڕیاری کاتیی دەزگای قەزایی درێژەی بە چاپ و بڵاوبوونەوەی داوە.