سه‌رۆكی ڕێكخراوی به‌سیجی سازه‌نده‌گیی ئێران ده‌ڵێ ئه‌م ڕێكخراوه له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر له ١٠٠ هه‌زار یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بچووكی وەگەڕ خستووە.
نه‌عمان غوڵامی، سه‌رۆكی ڕێكخراوی به‌سیجی سازه‌نده‌گیی ئێران گوتی له ماوه‌ی ساڵه‌كانی ٩٢ هه‌تا ٩٤ زیاتر له ٩٩ هه‌زار یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بچووكمان له ئێران کردۆتەوە و سه‌رچاوه‌ی ماڵیی ئه‌م کارگە و یەکە ئابوورییانە له لایه‌ن بانكی “مێهری ئێقتساد”وە دابین كراوه.
سه‌رۆكی به‌سیجی سازه‌نده‌گی هه‌روه‌ها گوتی له ساڵی ٧٩وه تا ئێستا ١١٢ هه‌زار پڕۆژه له لایه‌ن ئه‌م ڕێكخراوەیە‌وه جێبه‌جێ كراوه.
په‌ره‌پێدانی چالاكییه ئابوورییه‌كانی به‌سیجی سازه‌نده‌گی له حاڵێكدایه كه به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئێران له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا تووشی قه‌یرانی كه‌مبوونی نه‌غدینەیی هاتوون و بانكه‌كان و ده‌وڵه‌تیش ئاسانكاریی بۆ ئابووریی بچووك ناكا. به شێوه‌یه‌ك كه سه‌رۆكی ڕێكخراوی پیشه‌سازیی چووك و شارۆچكه‌كانی پیشه‌سازیی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی، سامان و بازرگانیی ئێران ده‌ڵێ سه‌دی ٦٠ ی یه‌كه بچووكه‌كانی به‌رهه‌مهێنان داخراون یان نیوه‌داخراون.
بەپێی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی، ٣٦ هه‌زار یه‌كه‌ی پیشه‌سازی و یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بچووك و مام ناوه‌ندی له ئێران تووشی قه‌یرانی نه‌غدینه بوونه‌ته‌وه و ناتوانن سه‌رچاوه‌ی ماڵی خۆیان دابین بكه‌ن و زیاتر له ٨٠ هه‌زار پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وەش به هۆی دابیننه‌كردنی بوودجه ڕاگیراون.