محەممەدجەواد لاریجانی، سكرتێری ستادی مافی مرۆڤی ئیسلامی گوتی كە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم حەوتوویە سێهەمین خەڵاتی مافی مرۆڤی ئیسلامی پێشکێش دەکا.
محەممەد جەواد لاریجانی هەروەها بەرنامەكانی “ڕۆژی مافی مرۆڤی ئیسلامی” شی كردۆتەوە و گوتی ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ گەلاوێژ، ڕێوڕەسمێك بە بەشداریی كاربەدەستانی حکومەت لە ناوەندی كۆبوونەوەكانی دەنگ و ڕەنگی ئێران بەڕێوە دەچێ و تێیدا سەرۆكی دەزگای قەزایی ئێران وتارێک پێشکێش دەکا و براوەکانی خەڵاتی مافی مرۆڤی ئیسلامی ڕادەگەیەندرێ.
سێهەمین خەڵاتی مافی مرۆڤی ئیسلامی بە کەسانێک لە دەرەوەی وڵات دەدرێ كە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەرگرییان لە مافی موسڵمانان كردوە.
كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر دوو جاڕنامەی جیهانی و ئیسلامیی مافی مرۆڤی ئیمزا كردوە، بەڵام كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ڕەخنە لە دامەزراوەكانی مافی مرۆڤی جیهان دەگرن و مافی مرۆڤی ئیسلامیان پێ لە جاڕنامەی ٦٧ ساڵەی مافی مرۆڤ باشترە.
سادق لاریجانی، سەرۆكی دەزگای قەزایی ئێران لە ڕابردوودا ڕەخنە لە پەسندكردنی چەند بریارنامەیەك لەبواری مەحكومكردنی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە ئێران گرتوە و دەڵێ ئێران مافی مرۆڤی ئیسلامی، قەساس و ئێعدامی قەبووڵە و سزای ئەو کەسانە دەدا کە شەڕ لەگەڵ خودا دەکەن.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خاكەلێوەی ساڵی ٩٠ شواری مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ژنێڤ، نوێنەری تایبەتی بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێرانیدیاری كرد بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٨٤وە ئێستاشی لەگەڵ بێ ئیزنی بە نێردراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ نەداوە كە سەردانی ئەو وڵاتە بکەن و لە نزیكەوە لە بارودۆخی مافی مرۆڤ ئاگادار بن.
لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جهان لە ساڵی ٢٠١٥، ئێران بە توندی ڕەخنەی لێگیراوە و تێیدا هاتووە کە پرسی مرۆڤ لە ئێران دوای هاتنەسەرکاری دەوڵەتی حەسەن ڕوحانیش هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.