زۆربەی خەڵک لە کوردستان و ئێران لە زۆرەملێکردنی پێدانی پووڵ لەکاتی نانووسیی منداڵەکانیان ناڕازین. ئەوان دەڵێن هەموو کەس توانای پێدانی پووڵەی نییە، بەڵام بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان دەڵێن کە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە بەخشنامەیەكدا ئەوەی ئیجباری کردوە.
بەپێی ئەو بەخشنامەیە بنەماڵەکان دەبێ بۆ خوێندنی هەر قوتابییەک بڕی ١٠٠ هەزار تمەن بدەنە قوتابخانە و ناوی هاوکاریی دایک و باوکان بە قوتابخانەیان لەسەر داناوە.
وەرگرتنی پووڵی زۆرەملێ لە بنەماڵەی قوتابییان لە حاڵێک دایە کە بەپێی پەسندکراوەکانی خوێندن و قانوونی بنەڕەتیی ئێران خویندن دەبێ ئیجباری و تێچووەکانی لەسەر شانی دەوڵەت بێ بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی کۆمەڵگا بتوانێ خۆی تێدا ببینێتەوە. کەچی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان دەڵێن ئەو بودجەیەی دەوڵەت پێیان دەدا بەشی یەک مانگی تێچووەکانی قوتابخانە ناکا.
فەرەیدون سەید موستەفەوی، بەڕێوەبەری گشتیی فێركردن و پەروەردەی ورمێ
لە کاردانەوە بە وەرگرتنی شەهرییە لە خوێندنگەو قوتابخانە دەوڵەتییەكان لەگەڵ ئەوەی ئەو کارە ناقانوونییە، وێڕای هەڵسەنگاندنێكی زۆر سەیر و سەمەرەی نێوان مزگەوتو قوتابخانە، گوتی: مەگەر خەڵك پووڵ بە مزگەوتەكان نادەن، دەی با بە قوتابخانەشی بدەن و پێدانی پووڵ بە قوتابخانە بۆ خراپە؟
ناوبراو دەلێ بەڕێوەبردنی قوتابخانەكان سەختە و دەوڵەت ناتوانێ خەرج و تێچووی خوێندنگەكان دابین بکا و خەڵک واباشە لەو بارەیەوە هاوکاری دەوڵەت بن.
قسەکانی ئەو کاربەدەستە ئەو پرسیارە دروست دەکا کە چۆنە دەوڵەت دەتوانێ بۆمبی ئەتوم دروست بکا، خەرجی شەڕی وڵاتی وەک سووریە بکێشێ و زۆربەی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە پۆشتە و پەرداخ بکا، بەڵام توانای دابینکردنی تێچووی خوێندنی خەڵکەکەی خۆی نییە، ئەویش لە حاڵیکدا کە بەپێی قانوون وەرگرتنی پووڵ لە بنەماڵەی قوتابی بۆ خوێندن ناقانونییە و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی خوێندن لە ئەستۆی دەوڵەتە.