هۆمایون جەننەتی، بەرپرسی خانەنشینکراوانی پارێزگای سنە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کە بۆ نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ئێرانی ناردوە، داوای لێکردوون هەوڵ بدەن ویست و داوای خانەنشینکراوان لە بەرنامەی شەشەمی گەشە و پەرەپێدانی وڵاتدا ڕەچاو بکرێ.
لەو نامەیەدا هاتووە کە نوێنەران هەوڵ بدەن سندووقی خانەنشینکراوانی وڵات پێمل بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دیوانی عەداڵەتی ئیداری لە پێوەندی لەگەڵ زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراواندا بکەن.
خانەنشینکراوانی پارێزگای سنە هەروەها داوای سەرلەنوێ نووسینەوەی نیزامی خانەنشینییان کردوە بە جۆرێک کە لەگەڵ چوارچێوە پێویستەکان بۆ پاراستنی ڕێز و کەسایەتیی ئەوان لە تەمەنی بەساڵاچووییدا بێتەوە.
وەک یەک بوونی مووچە خانەنشینکراوانی هەموو دەزگا و ئیدارەکان، کۆتایی قانوونی بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکان و یەکلاکردنەوەی هەموو بەندەکانی لەلایەن سندووق بە تایبەت مادەی ٦٤، دەروەستکردنی دەزگا ئیجڕاییەکان لە پێوەندی لەگەڵ تەرخانکردنی خزمەتگوزارییەکان بە خانەنشینکراوان سێ داوای دیکەیە کە لەو نامەیەدا ئاماژەیان پێکراوە.
شایانی باسە لە ئێستادا لە سندووقی خانەنشینکراوانی سنە ١٩ هەزار و ٨١٥ کەس مووچە وەردەگرن.