ڕێوڕه‌سمی سێهه‌مین ساڵیادی خۆسووتاندنی محه‌ممه‌د قه‌نبه‌ری له ڕێڕه‌وانی ئایینی یارسان له ئاوایی قه‌ره‌داشی تاكستان سه‌ربه پارێزگای قه‌زوێن له ژێر چاودێریی توندی ئه‌منیه‌تیدا به‌ڕێوه‌چوو.
به‌پێی ڕاپۆرتی كۆمه‌ڵه‌ی چالاكانی مافی مرۆڤ له ئێران، مه‌ئمووره ئه‌منیه‌تییه‌كان سه‌رله به‌یانیی ڕۆژی پێنجشه‌ممه 7 گه‌لاوێژ هه‌ڕه‌شه‌یان له چالاكانی ئایینی یاری كرد و به لۆدێر خۆڵیان له‌سه‌ر جاده‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه ڕۆكرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش بە بەڕێوەچوونی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه بگرن.
محه‌ممه‌د قه‌نبه‌ری یه‌كێك له ڕێڕه‌وانی ئایینی یارسان بوو كه ڕۆژی ٥ی گه‌لاوێژی ساڵی ٩٢ له بەردەم مه‌جلیسی شورای ئیسلامی له تاران ئاگری له خۆی به‌ردا و به هۆی قووڵیی سوتان و سەختیی برینه‌كه‌ی له نه‌خۆشخانه‌ی موته‌هه‌ریی تاران گیانی له‌ده‌ست دا.
خۆسووتاندنی ناوبراو بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین به‌سیاسەتی هه‌ڵاواردنی یارسانەکان و بێڕێزیی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی به داب و نه‌ریتی مه‌زهه‌بیی ئەوان بوو.
لەو ڕێورەسمەدا به‌شداربووان له‌سه‌ر گڵكۆی محه‌ممه‌د قه‌نبه‌ری كۆبوونه‌وه و وێرای ڕێزنان لە یاد و بیرەوەریی قەنبەری، پێیان لەسەر پێویستیی به‌ڕه‌سمی ناسینی ئه‌م ئایینه وه‌ك مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌ی ئێران له قانوونی بنه‌ڕه‌تیی ئێران‌دا كرد.