لە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کۆڵبەران و کاروانچییەکانی ناوچەی سەردەشت شەش کەسی دیکەش کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە،5 ی گەلاوێژ پۆلێک کاروانچیی ناوچەی سەردەشت لە پشتی گوندی بێتووش کەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بێ وریاکردنەوەی پێشوەخت درانە بەر دەستڕێژ.
لەو پەلامارەدا دوو کەس بە ناوەکانی ڕەسووڵ رەسووڵی و عەبدوڵلا رەسووڵی؛ خەڵکی قەلەڕەشێ بە توندی بریندار بوون.
لەو دەسترێژەی هێزەکانی ڕێژیمدا 80 سەر وڵاغی کاروانچییەکانیش کوژراون و60 وڵاغی دیکەش گیراوە و هەموو باری ئەو کاروانچییانەش دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەر هەمان کات و لە شوێنێکی دیکەی سەردەشت، لە سێڕێیانی “بێزیلە” هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی خەڵکی سوورە چۆم کردوە.
لەو دەستڕێژەشدا کەسێک بە ناوی عەزیزی سەداقەت دەسبەجێ گیانی لە دەست دا و یوسف سەداقەت، باوکی ناوبرایش وێڕای کەسێکی دیکە بە ناوی ساڵح وەیسی بە توندی بریندار بوون.
ئەو جینایەتانەک هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان لە حاڵێک دایە کە بە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو دەزگای قەزایی و ناوەندەکانی دادئەستێن هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەو بکوژانە نەکردوە، بۆیە ئەوانیش بێخەم و کەوکوژی درێژە بە جینایەتەکانی خۆیان دەدەن.