خاڵۆ حوسێن کۆکەن، هونەرمەندی گەورەی کێوکەن و دڵسۆزی بەهەستی حیزبی دێموکڕات بەهۆی پیری و نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد بەرەبەیانی ئەمڕی سێشەممە، 5ی گەلاوێژ خاڵۆ حوسێن کۆکەن لە نەخۆشخانەی شاری پاوە کۆچی دوایی کرد و بە ئامێزی خاکی نیشتمان سپێردرا.
ئەو دڵسۆزەی حیزبی دێموکرات کە لە هیچ بارودۆخێکدا هەستی خۆشەویستیی خۆی بۆ حیزبی دێموکڕات و رێبەرانی ئەو حیزبە نەدەشاردەوە، پاییزی ساڵی ڕابردوو هۆی کەوتنەخوارەوە لە تاشەبەردێک، لەجێدا کەوتبوو.
خاڵۆ حوسێن کۆکەن لە 20 ساڵی ڕابردوودا بە پاچ، ئەشکەوتێکی بەردینی لە گوند و سەیرانگەی “مێگەورە” لە نزیک بانەوڕێ پاوە هەڵکەندوە و هەموو داهاتی سەردانی خەڵک لەو شوێنانەی بۆ کاری خێرخوازیی وەک دەستگرتنی خەڵکی هەژار و دروستکردنی مزگەوت و قوتابخانە خەرج کردوە.
حوسێن عوسمانی ساڵی 1309 ی هەتاوی لە گوندی “درۆڵەی خواروو” لە بنەماڵەی ئیمامییەکانی شاری پاوە لە دایک بوو. ئەو کە دواتر بە خاڵۆ حوسێنی کۆکەن ناوبانگی دەرکرد و نازناوی فەرهادی دووهەمی پێدرا، نیزیک بە 50 ساڵ لەوە پێش گوللەیەک لە لاقی کەوت بەو هۆیە لاقێكی بڕدرایەوە.
هونەرمەند خاڵۆ حوسێن بە تاقە لاقێک و بە پاچ و قوڵینگێکەوە کۆمەڵێک شاکاری خوڵقاند کە تا هەتایە لە مێژوودا دەمێننەوە. ئەو ٢٠ ساڵە بە پاچێکەوە خەریکی داتاشینی بەشێک لە کێوی “مێگەورە” بووه و ١١ ژور و حەمامێکی لێ دروست کردووە، ھەر ژوورێکیش ١٣ تاقی گەورە و سێ پەنجەرەی ھەیە. ئەو لە یەکێک لە ژوورەکان، قەبرێکی تایبەتی ھەڵکۆڵیوە.
خاڵۆ حوسێن کۆکەن پێش مردنی لە وتووێژ لەگەڵ ڕووداودا باسی لەوە کرد کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە سەر ناوهێنانی دوکتور قاسملوو 12 ساڵ سزایان داوە و پاچەکەیان لێ ستاندوە. ئەو گوتی دەوڵەت بۆ خۆی دەیزانی کە من دێموکڕاتم و دەمەوێ نهۆمی سەرەوەی ماڵە بەردینەکەم بۆ ڕێبەری حیزبی دێموکڕات ساز بکەم، بەڵام نەیانهێشت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی خاڵۆ حوسێن کۆکەن سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کەسایەتییە دڵسۆز و خۆشناوەی ناوچەی هەورامان و کوردستان دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.