به‌ندكراوێكی سیاسیی پێشوو ماوه‌ی 5 ڕۆژە ونە و تا ئێستا چاره‌نووسی ناڕوونه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان ناسر وه‌یسی، چالاكی سیاسیی خه‌ڵكی شاری سنه كه له هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكی كاركردن بوو، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران ماوه‌ی 5 ڕۆژه بێسەروشوێنە.
ئه‌م لاوه ته‌مه‌ن 30 ساڵه، 5 ڕۆژ له‌وه‌پێش له شاری مه‌ریوانه‌وه پێوه‌ندیی بە بنه‌ماڵه‌كه‌ی گرتوە و پێی ڕاگه‌یاندوون كه دوای چه‌ند كاتژمێرێكی دیكه ده‌گه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
ناسر كه خه‌ڵكی ئاوایی كوڕكوڕهی شاری سنه‌یه 7 مانگ له‌وه‌پێش له شاری سنه له لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعات ده‌سبه‌سه‌ر كرابوو. ئه‌و كات تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی یه‌كێك له حیزبه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان دابووە پاڵی و له ژێر ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌دا ماوه‌ی 2 مانگ ده‌سبه‌سه‌ر كرا.
نابراو به هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویست بۆ ده‌سبه‌سه‌ركرانی ئازاد كرابوو، بۆیە ئێستا کەسانی نیزیک لەو پێیان وایە دەبێ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گیرابێ.