بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کۆڵبەرێکی دیکەی کورد گیانی لە دەست دا. نیوە شەوی یەکشەممە، لەسەر دووشەممە، 4ی گەلاوێژ رەحمان گوڵیاری، خەڵکی پیرانشار لە ناچەی بەربنە لە تەنیشت گوندی “گردەسوور” یهکسهر دراوەتە بەر دەسڕێژی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە. بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کوژرانی رەحمان گوڵیاری لە پیرانشار لە حاڵێک دایە کە لە مانگی رابردودا، بە هۆی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هەرنەبێ 14 کەس گیانیان لە دەست داوە. چالاکانی کورد دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە کوشت و کوشتاری کۆڵبەرانی کورد، لە هەوڵێ ئەوە دایە لە ناوچە سنوورییەکان هیچ کەسێک کاسبی نەکا و ناوچەکە بکاتە ناوچەیەکی نیزامی، ئەمە لە حاڵێک دایە کە لە بازاڕچەی سنووریی سەردەشت هەزاران کەس لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بژیوی خۆیان دابین دەکەن. ئامارە رەسمییەکان دەڵێن نیزیک بە ١٥٠٠ کەس لە ناوچە سنوورییەکان بە کۆڵبەری بژیوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام سەرچاوە ناوچەییەکان دەڵێن ئەو ئامارە زۆر لەوەندە زیاترە.