زیاتر له نیوه‌ی خه‌ڵکی ئێران له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئێنتێنرنێتدا ئه‌ندامن. ئێرانییه‌کان له ڕۆژدا 5 هه‌تا 9 سه‌عات له کاته‌کانیان له نێو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و سه‌دا 75 ی لاوانی نێوان 18 تا 30 ساڵ ئه‌ندامی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن.
موڕته‌زا موسه‌ویان، به‌رپرسی ناوه‌ندی ڕاگه‌یه‌نه دیجیتاڵییه‌کانی ئێران ده‌ڵێ زیاتر له سه‌دی 53ی خه‌ڵکی ئێران هه‌ر نه‌بێ ئه‌ندامی یه‌کێک له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن. موسه‌وی ده‌ڵێ خه‌ڵکی ئێران به شێوه‌ی مامناوه‌ند له نێوان 5 هه‌تا 9 سه‌عات له کاته‌کانی خۆیان له نێو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌وه له حاڵێک دایه که نێونجی ستانداردی جیهانیی ئه‌و بابه‌ته 16 سه‌عات له مانگێک دایه.
ئه‌و ده‌ڵێ ئێنتێرنێت سه‌دا 80 ی پانتایی ژیانی خه‌ڵکی له ئێران داگیر کردوه، ئه‌وه‌ش له حاڵێک دایه که نێونجی به‌کارهێنانی ئێنتێرنێت له دنیا له سه‌دی 45 زیاتر نییه.
به‌رپرسی ناوه‌ندی ڕاگه‌یه‌نه دیجیتاڵییه‌کانی ئێران نایشارێته‌وه که تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی تێلێگران زۆرترین لایه‌نگر و به‌کارهێنه‌ری له ئێران‌دا هه‌یه، تا ئه‌و جێیه‌ی که ماوه‌یه‌ک له‌وه پێش کاربه‌ده‌ستانی ده‌زگای قه‌زایی و ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کان ڕایانگه‌یاند که بۆ به‌رگیری له ” فه‌ساد و به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ دزه‌کردنی بێگانه‌کان” چاوه‌دێرییه‌کان به‌سه‌ر دنیای مه‌جازییان زیاتر کردوه.
به‌رپرسی ناوه‌ندی ڕاگه‌یه‌نه دیجیتاڵییه‌کانی ئێران ده‌ڵێ به‌کارهێنه ئێرانییه‌کان له دنیای ئێنتێرنێتدا زۆرتر به نێو تۆڕه‌کانی هه‌واڵ، بابه‌ته فێرکارییه‌کان، ته‌بلیغات، گه‌مه و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌گه‌ڕێن.