ئاکامی ڕاپرسییەک کە لەم دواییانەدا کراوە دەری دەخا کە گەشبینیی ئێرانییەکان بە رێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی دنیا لە کەمی داوە. هەر بەپێی ئەو ڕاپرسییە لە خۆشەویستیی حەسەن ڕوحانی کەم بۆتەوە و بە لایەنگرانی مەحموود ئەحمەدینژاد زیاد بووە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی بەشی نێونەتەوەیی و ئەمنیەتی زانکۆی مریلەند بە هاوبەشیی ناوەندی ڕاپرسیی ئیرانپۆل لە رێگەی تەلەفوونەوە 1007 کەسیان لە ئێران دواندوە و لەو رێگەیە خوێندنەوەیان بۆ ڕای گشتیی خەڵک دوای ساڵێک لە تێپەڕینی ڕێککەوتنی ئەتومیی ئێران و وڵاتانی (1+5) کردوە.
بەپێی ئاکامی ئەو ڕاپرسییە، زۆربەی ئێرانییەکان هەر وەک ساڵی ڕابردوو پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ئەتومی دەکەن، بەڵام ڕێژەی ئەو پشتیوانییە لە چاو ساڵی رابردوو سەدی 9 لە کەمی داوە و لە سەدی 76 بۆ سەدی 63 دابەزیوە.
کارناسانی ئەو ناوەندە دەڵێن هۆکارێکی لە کەمیدانی پشتیوانیی خەڵک لەو رێککەوتنە دەکرێ ئەوە بێ کە دەسکەوتەکانی ڕێککەوتنەکە زۆر کەمتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان بووە.
لەو توێژینەوەیەی زانکۆی مریلەند و ئیرانپۆل، باس لە خۆشەویستیی هەندێ لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران کراوە.
پرسیاری ئەوە لە بەشدرانی ئەو ڕاپرسییە کراوە کە ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنێک لە ئێران بکرێ، لە نێوان حەسەن ڕوحانی و مەحموود ئەحمەدینژاد دەنگ بە کامیان دەدەن. ساڵی ڕابردوو سەدی 53 ی خەڵک گوتبووی کە دەنگ بە حەسەن ڕوحانی دەدەن و سەدی 27 لایەنگری ئەحمەدینژاد بوون؛ بەڵام ئەمساڵ سەدی 45ی خەڵکەکە لایەنگری ڕوحانی ماون و لایەنگرانی ئەحمەدینژاد سەدی 10 زیادی کردوە.