مامۆستایەكی زانكۆی خەڵکی ورمێ لە زانكۆی ئازادی شاری مەهاباد دەركرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، 30ی پووشپەڕ مامۆستایەكی زانكۆ لە زانكۆی ئازادی شاری مەهاباد بە ناوی سابیر عەبدوڵڵاهیزاد لە سەر کارەکەی دەركرا.
ناوبراو بەهۆی نەهاتنەوە سەر پۆلی خوێندن لە 22ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تیرۆركردنی دوكتور قاسملوو و بە تۆمەتی هاندانی خەڵك و نەپاراستنی ئەمنیەتی زانكۆ لە درێژەدا نبە وانگوتنەوە لە زانكۆی شاری مەهاباد بێبەش کراوە و لەو زانکۆیە دەرکراوە.
سابیر عەبدوڵڵاهیزاد خەڵكی ئاوایی دیزەی مەرگەوەڕی سەربە شاری ورمێیە و، ماوەی دوو ساڵە لەم زانكۆیە وانەکانی مافی نێودەوڵەتی، مافی تایبەتی و مافی بازرگانی گوتۆتەوە.
ئەم مامۆستایە کە پێشتریش لە زۆربەی فستیڤاڵە فەرهەنگی و هونەری و هەروەها كەمپەینی ژینگەپارێزیدا بەشداریی كردوە، دوكتوڕای حقووقی نێودەوڵەتیی لە زانكۆی شاری هەمەدان وەرگرتووە.