شەریف ساعێدپەنا، چالاكی كرێكاریی شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ كراوەو لێكۆڵینەوەی لێكراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی یەكیەتیی ئازادی كرێكارانی ئێران، شەریف ساعێدپەنا ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو بۆ جارێكی دیكەش بە هۆی چالاكیی كرێكاری بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لەوێ جگە لە لێكۆڵینەوە لە ناوبراو، داوایان لێكردوە كە بە نووسراوە بەڵێن بدا بەشداری هیچ چەشنە کۆڕ و كۆبوونەوەیەك نەبێ.
پێش شەریف ساعێدپەنا، هاشم ڕۆستەمی لە چالاكانی ناسراوی كرێكاری لە شاری سنە و مزەفەر ساڵح نیاش لە ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەكیەتیی ئازادی كرێكارانی ئێران بە هۆی چالاكیی كرێكاری لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ دەسبەسەر كرابوون و بە توندی خرابوونە ژێر فشارەوە.