سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵ لە بەمیدیاكرانی بۆمبارانی شیمایی ئاوایی زەردە و ئاوڕدانەوەی ڕاگەیاندنەكان سەبارەت بەم بابەتە، بەڵام هێشتا هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر دۆخی ئەم ئاواییە هەژارنشینەدا نەهاتوە.
شێرمحەممەد كەرەمی، سەرۆكی شورای ئاوایی زەردە بە بۆنەی ساڵوەگەڕی بۆمبارانی شیمایی ئەم ئاواییە كە مردنی زیاتر لە 275 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 1100 كەسی دیكەی لێكەوتۆتەوە، ڕەخنەی زۆری لە لایەنە پێوەندیدارەلان گرتوە.
كەرەمی دەڵێ لەبەر ئەوەی كە خەڵكی زەردە لە سەرەتادا زانیارییان لەسەر بۆمبارانی شیمیایی و كاریگەرییەکانی نەبووە سەردانی ناوەندە دەرمانییەكان نەكردوە و تەنانەت پەروەندەی “جانباز”یشیان نییە؛ جگە لەوەش بە هۆی عەمەلیاتی مێرساد لەو کاتدا هەموو ڕێگەكانی پێوەندیی ئەم ئاواییە داخرابوون و هەر بۆیە خەڵكەكەشی چارەسەر نەكران و ئێستاش ئەم نەخۆشێیان لەگەڵ ماوە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە كە لەو ڕپژەدا باڵندە و پەلەوەرەكان بە هۆی ئەم شیماییەوە لە ئاسمانەوە بەردەبوونەوە و ئاژەڵەكان دەمردن، بەڵام خەڵک هۆكارەكەیان نەدەزانی و دواتر كە زانیمان شیمایی كراوین تازە زۆر درەنگ ببوو.
سەرۆكی شورای ئاوایی زەردە دەڵێ بۆمبەکان لە سێ شوێنی خوارووی ئەم ئاواییە و لە نزیك سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دران. ئەو كات موبایل نەبوو وەك ئێستا فیلمی لێ هەڵگیرابایەوە و وەك كارەساتێكی مێژوویی تۆمار كرابایە.
ناوبراو دەڵی ئاسەواری ئەم بۆمبارانە هێشتا لەم ئاواییەدا ماوەتەوە و تا ئێستا 98 كەس تووشی شێرپەنجەی خوێن هاتوون و هەروەها 40 كۆرپەش لە زگی دایكیاندا مردوون.
بەقسەی ئەم ئەندامەی شورای ئاوایی ئێستاش هەموو ساڵی 20 كەس لە بەرکەتووانی گوندە بە هۆی کاریگەرییەکانی ئەم نەخۆشییە گیانیان لە دەست دەدەن.
كەرەمی وێڕای ئاماژە بە هەژاری و بەشمەینەتیی ئەم ئاواییە دەڵێ پاش تێپەڕبوونی ئەم هەمووە ساڵی هیچ گۆڕانكارییە لەم ئاواییەدا نەكراوە و هیچ خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆش بە تایبەت لە بواری پزیشكییان بۆ دابین نەكراوە.
بەرپرسی شوڕای شاری زەردە دەڵێ خەڵكی ئەم ئاواییە جانبازی شیمیاین بەڵام لە هەموو ئیمکاناتی دەوڵەتی بێبەشن و تەنانەت دەفتەرچەیەكی دەرمانیشیان نەدراوەتێ.
ناوبراو لە درێژدا دەڵێ لە بواری ڕێگەوبانیشەوە گوندەکەمان لە بارودۆخێكی یەكجار خراپ دایە. ئەو دەڵێ مەودای ئەم ئاواییە تا شاری 40 كیلۆمیترە و 17 كیلۆمیترشی جادەی خۆڵە.
ئاوایی زەردە سەربە شاری داڵاهۆیە و لە دوایین ڕۆژەكانی مانگی پووشپەڕی ساڵی 67 لە لایەن ڕێژیمی بەعسی عێراقەوە بە بۆمبی شیمیایی پەلامار درا.
(موکریان نیوز)