جارێکی دیکەش دارستان و لەوەڕگەکانی گەیلانیڕۆژاوا، مەریوان و ئاویەر ئاگریان تێبەر بوو.
لە کاتژمێر 4ی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ی پووشپەڕەوە بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی ناوچەی هاربڕۆ لە بەرزاییەکانی گڵین لە گەیلانیڕۆژاوا ئاگری تێبەر بووە.
میدیا حکومەتییەکان دەڵێن ڕووبەری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەرفراوان بووە.
فەرمانداری گەیلانیڕۆژاواش لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەوە هەشتەمین حالەتی ئاگرکەوتنەوە لەو دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو شارەیە.
لە مەریوانیش ئاگر لە بەرزاییەکانی کێوی مەلاقازی بەربووە و بەو هۆیەوە ڕووبەرێکی زۆر لەو ناوچەیە سووتاوە.
هەواڵەکان لە سنەش باس لەوە دەکەن کە ئەمڕۆ بناری چیای ئاویەر لە سنەش ئاگری تێبەر بووە. ئەمساڵ ئەوە دووهەمین جارە کە بنارەکانی چیای ئاویەر بە دەستی ئانقەست ئاگر دەدرێن.
شایانی باسە کە هەموو ساڵێ بەهۆی بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم، کەمی و نەبوونی ئیمکاناتی ئاگرکوژێنەوە و خۆدزینەوەی ناوەندە بەرپرسیارەکان چەند هەزار هێکتار لە دارستان و مێرگەکانی کوردستان لە ئاگردا دەسووتێن و دەبنە خەڵووز.