کاربەدەستێکی وەزارەتی ئیڕشاد دەڵێ زیاتر لە سەدی 85ی بودجەی وەزارەتی ئیڕشاد دەدرێتە ئەو ناوەندانەی کە کەس ناتوانێ لێیان بپرسێتەوە.
ئەو قسانەی عەلی ئەسغەر کارەندیش، جێگری بەشی بەڕێوەبەری و پەرەپێدانی وەزارەتی ئیڕشاد بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، 31 ی پووشپەڕ لە “ئیڕنا”، هەواڵدەریی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو بوویەوە، بەڵام دوای چەند سەعات لەسەر ماڵپەڕەکە لابرا.
کارەندیش لە سمینارێکدا لە شاری زەنجان گوتی: لە 710 میلیارد تمەن بودجەی فەرهەنگیی وەزارەتی ئیڕشاد زیاتر لە 610 میلیارد تمەنی دەدرێتە ئەو ناوەند و رێکخراوانەی کەس ناتوانێ لێیان بپرسێتەوە و ڕوون نیە کە بەو پووڵە چی دەکەن؟
ئەو گوتی ژمارەی ئەو ڕێکخراو و لایەنانەی بودجەی وەزارەتی ئیڕشادیان دەدرێتە، 26 رێکخراوە.