ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان کە بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت چالاکییەکانی ڕاگیراوە، سەرەڕای بەدواداچوونی زۆری بەڕێوەبەریی ئەنجومەن بەڵام لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ورمێوە وەڵامیان نادرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان لە مانگی بانەمەڕ ئەمساڵدا ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ورمێ بە ناردنی بڕیارنامەیەک هەر چەشنە چالاکییەکی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکانی بە مەرجی وەرگرتنی ئیزننامە لەو ئیدارەیە بەستەوە.
ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەنجومەن لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام هاتوچۆی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ورمێیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت کردوە، بەڵام لەلایەن ئەو ئیدارەیە وەڵامیان نادرێتەوە.
ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان کە ڕابردووی 22 ساڵ کار و تێکۆشانی هەیە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی “سمۆل میدیا”(Small Media ) کە باسی لە چالاکییەکانی ئەنجومەن کردبوو، داخرا. پاشان بە نامەیەک ئاگادار کرانەوە کە هەتا لە ناوەندی پارێزگاڕا ئیزنیان نەدرێتێ ماگی چالاکیی ئەدەبییان نییە.