ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوای کردوە کۆمەڵگای جیهانی کاردانەوەی بە پەرەسەندنی ئێعدامەکان لە ئێران هەبێ. ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێ ئێران لە دوو حەوتووی رابردوودا هەر نەبێ 38 کەسی لە دار داوە.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران گوتی: بە سەرنجدان بەوەی ئێعدامکراوانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی جۆراوجۆرەوە سزای مەرگیان بەسەردا سەپابوو، وێدەجێ مەبەستی سەرەکیی شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان دروستکردنی کەشی سەرکوت و تۆقاندنە.
ئەو گوتی کۆمەڵگای جیهانی نابێ لە هەمبەر ئەو دۆخە لە ئێران بێدەنگ بێ و بە خەمساردی بە تەنیشتیدا تێپەڕێ.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی چوارشەممە، 30ی پووشپەڕ 16 کەس لە زیندانی ڕەجایی شار لە دار دران. لانی كەم 11 زیندانیش كە ڕۆژی شەممە 26ی پووشپەڕ بە مەبەستی جێبەجێكرانی حوكمی ئێعدام بۆ سلوولە ئینفرادییەكانی زیندانی قزڵحەساری كەرەج گواسترابوونەوە، سەر لە بەیانیی ڕۆژی یەكشەممە 27ی پووشپەڕ ئێعدام كران.
لە دوو حەوتووی ڕابردوودا کە مانگی ڕەمەزان بەسەرچووە، تا ئێستا هەر نەبێ 38 کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لەدار دراون. تاوانی زۆربەی ئەوان کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر بووە.
چالاكانی مافەكانی مرۆڤ، ڕێكخراوە جیهانییەكان و تەنانەت كۆمەڵێكیش لە كاربەدەستانی حكوومەتی ئێران، چەندین جار داوایان كردووە كە پێداچوونەوە بۆ قانوونەكانی پێوەندیدار بە كڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان بكرێ و چی دیكە خەڵك لە سەر ئەم تاوانانە ئێعدام نەكرێن، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ ئاڵوگۆڕێك بەسەر ئەم قانوونانەدا نەهاتووە.