بانکیمون، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی زلهێزی جیهان کردوە کە دڵنیا بن لەوەی خەڵکی ئێران قازانجیان لە رێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ ئێران کردوە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو داوایەی لە توێی بەیاننامەیەکدا باس کردوە کە ئێوارەی دۆینێ چوارشەممە، 30ی پووشپەڕ لە یەکەمین ساڵی ڕێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ ئێراندا بڵاوی کردەوە.
بەر لەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گوتبوویان کە هێشتا بە پڕی و تەواوی خێریان لە ئاسانکارییەکانی دوای هەڵوەشانی گەمارۆکان نەدیوە و سەبارەت بەوەش شکایەتیان کردبوو. کاربەدەستانی ئێران دەڵێن قانوونەکانی ئەمریکا بۆ رێگریی گۆڕینەوە و سەودای دراو و مامەڵە بانکییەکان هێشتا لە جێی خۆیانن.
بانکیمون لە بەیاننامەکەیدا داوای هەر دوو لایەنی ئێران و وڵاتانی 1+5 کردوە کە پێبەندی بەڵێنەکانی خۆیان لەو ڕێککەوتنە بن. ئەو گوتی گرینگە هەموو لایەنەکان لە بەر و قازانجی ئەو ڕێککەوینە هەڵگرنەوە، بەڵام خەڵکی ئێرانیش دەبێ لەوە بەشیان پێ ببرێ و دەبێ دڵنیاش بین کە پێیان بڕاوە.