لە درێژەی کۆبوونەوە و مانگرتنی توێژە جۆراوجۆرەکانی شاری کرماشان، دۆینێ چوارشەممە، 30 ی پووشپەڕیش ئەو کۆبوونەوانە درێژەیان بوو.
بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 30ی پووشپەڕ کۆمەڵێک لە بیمەکراوەکانی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکانی کرماشان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە تێنەکردنی مافی بیمەیان لە ساڵی 95 دا لە بەردەم ئەو ئیدارەی کۆبوونەوە. ئەوان داوای تێکردنی بیمەکانیان کرد.
هەمان ڕۆژ گڕووپێک لە بەڕێوەبەرانی شیرکەتی پەیمانکار کە لایەنی حیساب لە گەڵ شارەداریی گشتیی کرماشانە، لە بەردەم شارەوانی کۆبوونەوە. ئەو کۆمەڵە کەسە کە لە بەشەکانی فەزای سەوز و پارکەکان لەگەڵ شارەداری گرێبەستیان هەیە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی ئەو خەرجییانەی کە دەبوا لە بری کار و خزمەتەکانیان شارەوانی بیانداتێ و نەیداوە؛ کۆبوونەوە.
ئەوان دەڵێن 18 مانگە شارەوانی ئەمڕۆ و سبەینێمان پێدەکا، ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئیمە لە سۆنگەی هەندێ پڕۆژەی پارکەکان وەک دانانی کەرەستەی یاریی منداڵان کەوتووینەتە ژێر قەرزەوە، هەروەها ماوەی چەند مانگە مووچەی کرێکارەکانیشما نەداوە و شارەوانیش قەرزەکانی خۆی بە ئێمە پاک ناکا.
هەر دۆینێ چوارشەممە کۆمەڵێک لە نانەوا سەنگەکییەکانی کرماشان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە کەمکردنەوەی بەشە ئاردەکانیان و مانەوەی نرخی نان لە جێی خۆیان لە بەردەم یەکیەتیی نانەواخانەکانی کرماشان کۆبوونەوە.
کۆمەڵێک کەس لە سەرپەرستی بنەماڵەکانیش کە سەرەڕای هەژاری و بێداهاتی یارانەکانیان لێ بڕیون، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەو بڕیارەی دەوڵەت لەبەر دەم فەرمانداری کۆبوونەوە.
ئەوان دەڵێن هەر بەپێی ئقسەی کاربەدەستانی دەوڵەت ئێمە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، مادام وایە لەبەرچی یارانەیان لێبڕیوین.