دەیان کەس لە کرێکارانی کەشت و سەنعەتی مەهاباد تێکەڵ بە کۆبوونەوەی نارەزایەتیدەربڕینی خاوەن جووجەخانەکان بوون.
چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا نیزیک بە 20 کەس لە خاوەن جووجەخانەکانی مەهاباد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی قەرزەکانیان لەلایەن شیرکەتی کەشت و سەنعەتی مەهاباد لە بەردەم ئەو شیرکەتە کۆبونەوە و رێیان لە هاتوچۆی ماشێنەکان بۆ ئەو شیرکەتە گرت. شیرکەتی کەشت و سەنعەتی مەهاباد زیاتر لە 4 میلیارد و 700 میلیون تمەن بە 49 کەس لە خاوەن جووجەخانەکانی مەهاباد و شارەکانی دەورووبەری قەرزدارە.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوانەدا دۆینێ چوارشەممە، 30ی پووشپەڕ؛ زیاتر لە 100 کرێکاری بەشە جۆراوجۆرەکانی شیرکەتی کەشت و سەنعەتی مەهاباد تێکەڵ بە کۆبوونەوەی خاوەن جووجەخانەکان بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد زیاتر لە 200 کەس لە کرێکارانی ئەو شیرکەتە بەهۆی داخرانی بەشەکانیان و دواکەوتنی مووچە و سەنەواتی کارییان زیاتر لە 3 میلیارد تمەنیان قەرز لە سەر کەشت و سەنعەتی مەهابادە، بەڵام هەر بێنە و بەرەیان پێدەکەن.
ئەو کرێکارانە ماوەی 8 مانگە هیچ مووچەیەکیان نەدراوەتێ.