نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیس ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بە کوشتاری کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەربڕی و لەم بارەوە رەوتی روو لە هەڵکشانی ئەو کوشتارە لە چەند مانگی رابردووی بە توندی خستە ژێر پرسیار.
رەسوڵ حزری ناڕەزایەتیی خۆی لەم بارەوە لە دیمانە لە گەڵ هەواڵدەریی دەوڵەتیی “جاڕپرێس”دا دەربڕی و بە ئاماژە بە پەرەگرتنی رەوتی کوشتاری کۆڵبەران و ئەسپەکانیان، گوتی: لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە کە داخستنی سنوورەکان کەوتە قۆناخێکی شێلگیرانەوە، ژیان و بژیوی دانیشتوانی ئەو سنوورانەش پێویستی بە دۆزینەوەی پیشەی نوێ بۆ ئەوان هەبوو ،چونکە ژیانی ئەوان لە سەر ئاڵووێر لە سنوورەکان دەسووڕا. ئەو گوتی: دانیشتوانی ناوچە سنووریەکانی کوردستان هیچ کار و پیشەیەکیان نییە و هیچ کارگە و کارخانەیەکیان بۆ ساز نەکراوە بۆیەش ناچارن کۆڵبەری بکەن و هێزە سنوورپارێزەکانیش نابێ کۆڵبەران و وڵاخەکانیان بدەنە بەر گوللە.
رەسوڵ خزری بۆ پێشگرتن لەو کوشتارەی کۆڵبەرانی کورد، پێشنیاری دابینکردنی ژیانی باشتر بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچە سنووریانەی کرد و گوتی؛ ئەوان هیچ بیمەیەکیان نییە، پشتیوانیی دەوڵەتی و دەرمانییان نییە، مووچە و بیمەی خانەنشینی و بێکاریان نییە کەچی بە کردەوەش ئاوایان رەفتار لە گەڵ دەکرێ.
نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران بە ئاماژە بە پەرەگرتنی زەبروزەنگ و کوشتاری کۆڵبەران لە چەند مانگی رابردوودا رایگەیاند: لە قانووندا هاتوە کە تەقە لێکردن دەبێ دوای سێ جار دەنگدان و وشیار کردنەوەی بەردەنگ بێتە ئاراوە و دوای ئەوەی دەنگ دراو گوێی پێ نەدا، دەتوانێ لە نێوقەد بۆ خوارێ تەقەی لێ بکرێ، کەچی هێندێک جار دەبینین فیشەکەکان لە مێشک و دڵی کۆڵبەران دراون. وەک بڵێی بە تفەنگی دوربیندار سیلە لە مێشک و دڵی ئەوان دەگرن. بۆ چما بەرەوڕووی داعش بوونەتەوە؟
خزری گوتی: ئەرکتان بووە کە بۆ ئەم خەڵکە هەژارە کار بدۆزنەوە کە نەتانکردوە، دەبوو پیشەی نوێ و کارخانەتان بۆ ساز کردبان کە ئەرکی دەوڵەت بووە و نەیکردوە کەچی ئێستا دەوڵەت خەریکە سیاسەتەکانی بە زەبری کوتەک جێبەجێ دەکا.
رەسوڵ خزری لە درێژەی دیمانەکەیدا ئاشکرای کرد کە ٩٩ لە سەدی کەلوپەلی قاچاخ بە شێوەی رەسمی لە بەندەرەکانەوە هاوردە دەکرێن نەک لە رێگای وشکانی و لە رێگەی کۆڵبەرانەوە؛ کەچی لەو نێوەدا ئەوە کۆڵبەرانی کوردن کە دەبێ بە ناحەق تێچووی قورسی بەرەنگاری لە گەڵ قاچاخ بدەن.