ئارەش موکری، خوێندکاری کوردی قۆناغی کارناسیی باڵای زانکۆی تەورێز کە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە گیرابوو، چەند تۆمەتێکی بەسەردا ساغ کرایەوە.
کەسێکی نیزیک لە بنەماڵەی موکری لە مەهاباد دەڵێ دادگای شۆڕشی شاری ورمێ ڕۆژی دووشەممە، 28ی پووشپەڕ ئارەش موکری دادگایی کردوە و تۆمەتی پێوەندی هەبوون بە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و سووکایەتی بە خامەنیی خستۆتە پاڵ، بەڵام ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.
ئارەش موکری ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە ماڵی خۆیان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کە هیچ نامەیەکی دادگایان پێنەبوو، سەرەڕای دەسبەسەرکردنی ئارەش دەستیان بەسەر بەشێکی زۆر لە کەلوپەلە شەخسییەکانی وەک تەلەفون، لەبتاب، فلاش مێمومێری و کتێبەکانی داگرت.
شایانی باسە ئارەش موکری پێش لە دەسبەسەرکرانیشی چەند جار بانگ کرابووە ئیدارەی ئیتلاعات و لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەوە خرابووە ژێر فشارەوە.