ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شنۆ هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، 24ی پووشپەڕ سەید فاڕووق پایمەرد، کوڕی سەید کەماڵ، دانیشتووی شاری شنۆ کە دوکانی موبایل فرۆشی هەیە، لە سێڕای دارەلەکی مەهاباد دەسبەسەر کراوە.
زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە سەید فاڕووق دوای دەسبەسەرکرانی بەڕێی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و لەوێ دەسبەسەرە، بەڵام دوای حەوتوویەک و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی هۆکاری گرتنەکەی ئاشکرا نەکراوە.
گرتنی سەید فاڕووق پایمەرد لە شنۆ لە حاڵێک دایە کە هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعات دوو کەسی دیکەشیان بە ناوکانی “خەلیل شاهی” خەڵکی گوندی “سینگان” و “زەکەریا سافکار” خەڵکی شنۆ دەستبەسەر کردوە.
هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەش لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ دووهەم جار لەم ساڵدا ئەفشین حوسێنپەناهی، خەڵکی قڕوچیای سەر بە دێولانی دەسبەسەر کردوە.
جێی باسە لە ماوەی ئەم یەک مانگەدا زیاتر لە 20 کەس لە کوردستان لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا مەئمورەکانی ئیتلاعات بەبێ “بەڵگەی قانوونی” ئەو خەڵکەیان دەسبەسەر کردوە.