کرێکارانی شارەوانیی شاری شنۆ مووچەی چوار مانگیان دواکەوتوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد دواکەوتنی مووچەی 4 مانگی ئەو دەیان کەس لە کرێکارانی شارەوانیی شنۆ لە حاڵێک دایە کە ئەوان بە تەواوی کەوتوونەتە تەنگانەوە.
یەک لەو کرێکارانە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، گوتی: لە چوار مانگی ڕابردوودا تەنیا 400 هەزار تمەنم دراوەتێ، ئەو لە حاڵێک دایە کە نیزیک بە 4 میلیۆن تمەنم کار کردوە بەڵام شارەداری دەڵێ نیمانە مووچەکانتان بدەینێ.
هەر لە شاری شنۆ هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کەمئەندامەکانی ئەو شارە، ئەوانەی لە بێهزیستی مانگانەیان بۆ بڕیونەتەوە؛ ماوەی چوار مانگە مانگانەکەیان نەدراوەتێ.
پەیامنێری کوردستان و کورد دەڵێ مانگانەی ئەو کەمە کەسەی لە بێهزیستی وەری دەگرن 120 هەزار تمەنە، کە ئەویش ماوەی چوار مانگە وەدوا کەوتوە.