بەپێی ئامارە جیهانییەكان لانیكەم سەدی 13ی حەشیمەتی ئێران توانا و سەوادی خوێندنەوەو نووسینیان نییە.
بەپێی دوایین ئامارەكان کە لەلایەن ناوەندێکی نێونەتەوەیی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گیراوە، 9 میلیۆن كەس لە ئێران نەخوێندەوارن كە نزیك بە یەك میلیۆن كەسیان لە ئاستی تەمەنیی 10 بۆ 49 ساڵدان.
بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەكان، دەگوترێ نزیك بە سەدی 20ی حەشیمەتی جیهان واتە زیاتر لە 7 میلیارد كەس نەخوێندەوارن و توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە.
ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی یۆنیسكۆ لەسەر ئەم باوەڕەیە، ساڵانە نزیك بە 50 میلیۆن كەس لە حەشیمەتی جیهان بە هۆی نەبوونی هەلی پێویست بۆ خوێندن بە نەخوێندەوارانی جیهان زیاد دەبن. هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە 775 میلیۆن كەس لە ئاستی جیهاندا خوێندنەوە و نووسین نازانن كە 122 میلیۆن كەس لەم كەسانە منداڵن و ژنانیش 2 لە سێی ئەم حەشیمەتە پێك دێنن.
لەم بەینەدا وڵاتی كورەی باشوور لە ڕیزی هەرە سەرەوەی وڵاتانە کە هەر هەموو خەڵکەکەی خوێندەوارن و بێسەوادی لەو وڵاتە ساڵانێکی زۆرە لە ڕەگ و ڕیشە هەڵکەندراوە.
ئامارەکان دەڵێن كە سەدی 65ی خوێندەواران لە ئێران هەتا قۆناغی دواناوەندییان خوێندوە.