عەزیزوڵڵا مەلەكی، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی هورموزگان هەواڵی دەسبەسەرداگرتنی گەوەرترین باری قاچاغی لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.
عەزیزوڵڵا مەلەكی، ڕۆژی سێشەممە 29ی پووشپەڕ ڕایگەیاند، 210 كانتینێری قاچاغ كە ئەسباب بازی، قاپ و قاچاغی شووشە، كەلەپەلی یەدەكیی ماشێن بە بڕی زیاتر لە 190 میلیارد تمەن بوون، دەستیان بەسەرداگیراوە.
ناوبراو گوتی ئەم شیركەتانە كە لە هیچ کوێ تۆمار نەکراون، لە ڕێكاری جۆراوجۆر دەگەڕین بۆ ساختەكاری و گواستنەوەی باری گەورەی قاچاغی كاڵاكان بۆ ئێرانن.
بەقسەی فەرماندەی هێزی ئینتزامیی هورموزگان لەم پێوەندییەدا 17 قاچاغچی دەسبەسەر کراون و 23 كەس لە دەزگا جۆراوجۆرەكان كە هاوكاری گواستنەوەی ئەم بارەیان كردوە، بانگ كراون.
قاچاغی كاڵا لە ناوچە هەژارەكانی ئێران بە هۆی بێكاری بۆتە باو و خەڵكی باشووری ئێرانیش لەوەی كە کاریان نییە بە ناچار دەست بۆ كاری چاچاغ دەبەن.
ڕۆژی 11ی پووشپەڕی ئەمساڵ ئەبولفەزڵ ڕۆغەنی، سەرۆكی كومیسیۆنی پیشەسازیی ژووری بازرگانیی ئێران ڕایگەیاند کە بڕی قاچاغی کاڵا لە ئێران ساڵدا زیاتر لە 20 میلیارد دۆلارە و، قاچاغی کاڵا کە ناوەند ئەمنیەتییەکانی لە پشتە سەرەكیترین گیروگرفتی لەبەردەم بەرهەمهێنان لە ئێرانە.