پاش ڕاگەیەندنی كتوپڕی داخرانی دوو یەكەی كانگای زێڕی ئاغدەرە لە لایەن خاوەن كارەوە، ڕۆژی دووشەممە نزیكەی 800 كرێكاری ئەم دوو یەكەیە بۆ ڕوونبوونەوەی بارودۆخی كارەکانیان لە بەردەم فەرمانداریی شاری تیكاب كۆ بوونەوە.
كۆمەڵێك لە كرێكارەكانی ئەم كانگایە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتوویانە: لە سەر بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی ئەم كانگایە و بە چەند هۆكاری ناڕوون كارخانەی زێڕی ئاغ دەرە داخراوە.
ئەم كرێكارانە دەڵێن ڕۆژی شەممە كۆمەڵێك كرێكارەكان لە سەر مەسەلەیەك تووشی كێشە دەبن و لە ئەنجامدا دوو كەس لە كرێكارەكان لەسەر ئەوە دەردەکرێن، بەڵام شەڕەکە دەکێشرێتە دەرەوەی کارخانە و کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە.
بەپێی ئەم زانیارییانە وادیارە لە كاتی ڕاگیرانی چالاكیی كردنی ئەم كانگایەو كارخانەی زێڕی ئاغدەرە هەموو 800 كرێكارەكەی ئەم كۆمەڵەیە جواب کراون و بەم هۆیەشەوە بەیانیی ڕۆژی دووشەممە سەرجەمیان لە بەردەم فەرمانداریی كۆ بوونەوە و داوای ڕوونبوونەوەی چارەنووسی خۆیان كرد.
ئەم كرێكارە ناڕازییانە گوتوویانە، بە ڕای ئێمە شەڕی ڕۆژی ڕابردوو هیچ پێوەندییەكی بە بڕیاری خاوەن كار لە بابەت ڕاگیرانی چالاكیی كانگا و كارخانەی زێڕەوە نییە، چونكی بۆ كۆتاییهێنان بەم كێشەیە ڕێگەچارەی مەنتقیی دیكەش هەیە.