ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێك، لایەنە پێوەندیدارەكانی سەبارەت بە وەمەترسی خستنی گیانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشكی وریا کردۆتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا كە لە ژێر ناوی “ڕێژیمی ئێران بە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی زیندانیانی سیاسی بە ئیمكاناتی پزیشكی مەترسیی دەخاتە سەر ژیانی ئەوان” بڵاو كراوەتەوە، هاتووە كە، “مەئموورەكانی زیندان زۆر بێ بەزەییانە گاڵتە بە گیانی زیندانیانی عەقیدەتی و سیاسی دەكەن و ئەوان لەگەڵ مەترسیی گیانلەدەستدان، كەمئەندام بوون یان زەرەری قەربوونەكراوی دیكە بەرەوڕوو دەكەنەوە.”
بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەزگای قەزایی ڕێژیم، دادستانی و ڕێكخراوی زیندانەكان بە ئەنقەست ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی زیندانییانی نەخۆش بە چاوەدێریی پزیشكی دەكەن و نایهێڵن بە شێوەی پێویست پێیان ڕابگەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە زۆر حاڵەتدا ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی تۆقاندن، سزادان یان شكاندنەوەی زیندانیانیی سیاسیدا دێنە ئاراوە. لە چەندین حاڵەتی دیكەشدا دەستڕاگەیشتنی زیندانیی نەخۆش بە خزمەتگوزاریی دەرمانی وەك ئامرازێك بۆ دانپێدانانی زۆرەملی یان تۆبە كردن و پاشگەز بوونەوە بەكار دێنن.
ڕاپۆرتی ئەم ڕێكخراوە بە دەیان حاڵەتی لە بێبەشکرانی دڵتەزێنی ئەم زیندانییانە لە دەستڕاگەیشتنی پزیشكی كۆ كردۆتەوە كە لەواندا بە شێوازی جۆراوجۆر ڕێگری لە خزمەتگوزاریی پزیشكی بە زیندانیانی نەخۆش دەكرێ و بەم جۆرە زیندانی لەگەڵ مەترسیی زۆر جیددی بەرەوڕوو دەبێتەوە.
لێكۆڵینەوەكانی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیشانیان داوە كە لە هێندێك حاڵەتدا كاربەدەستانی زیندانیش مافەكانی زیندانیی نەخۆشیان پێشێل كردوە یان هەڵسوكەوتی خراپیان لەگەڵ كردوون و تەنانەت ئەشكەنجەیان داون.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ناوی زێنەب جەلالیان، ئومید كەوكەبی، ئەفشین سۆهرابزادە و عەفیف نەعیمی كراوە كە لە نێو زینداندا ئەو دۆخەیان ئەزموون کردوە.