ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ دووهەم جار لەم ساڵدا ئەفشین حوسێنپەناهی، خەڵکی قڕوچیای سەر بە دێولانی دەسبەسەر کرد.
دەسبەسەرکرانی ئەفشین حوسێنپەناهی لە حاڵێک دایە کە ناوبراو ڕۆژی 21ی خاکەلێوەش دەسبەسەر و زیندانی کرا.
ئەفشین حوسێنپەناهی دواتر لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە بڕیاری قازی حەسەن بابایی بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی دژی نیزام لە ڕێگەی بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە گوندی قڕوچیا ساڵێک زیندانیی بەسەردا سەپا.
ئەفشین حوسێنپەناهی کە ماوەیەک بوو بە دانانی بارمتە تا یەکلابوونەوەی حوکمەکەی ئازاد کرابوو، ئەمڕۆ سێشەممە، 29 ی پووشپەڕ جارێکی دیکەش دەسبەسەر کرا.
ناوبراو پێشتر لە ساڵی 90ی هەتاویش بەهۆی بەدواداچوون بۆ پەروەندەی کوژرانی براکەی، ئەشرەف حوسێنپەناهی، گیرا و تۆمەتی ” بانگەشە دژی نیزام”ی بەسەردا سەپێندراو و بەو هۆیەش ساڵێک لە بەندیخانەی قوروە بەند کرا.
شایانی باسە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەفشین بەڵام هیچ کام لە ناوەندە ئەمنیەتییە پێوەندیدارەکانی ریژیم لە سپا و ئیدارەی ئیتلاعات ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری گرتن و شوێنی بەندکرانی بە بنەماڵەکەی بدەن.