هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێس بڵاوی کردەوە کە بەڵگەنامەیەکی گرینگی ڕێککەوتننامەی ئەتومیی ئێران لە گەڵ وڵاتانی 1+5 ی دەست کەوتوە کە باس لە ئاسانکاری بۆ پڕۆژە ئەتومییەکانی ئێران دەکا. بەپێی ئەو ئاسانکارییە لە 10 ساڵی داهاتووی دوای ڕێککەوتنەکەدا ئیمکاناتی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتومی دوو هیندەی جاران خێراتر دەبێ.
ئاسۆشیتێدپرێس دەڵێ ئەو بەڵگەنامەیە هاوپێچی نهێنیی ڕێککەوتنەکەی ساڵی پێشووی ئێران و شەش زلهێزەکەی جیهانە و بەپێی ئەوە دوای 11 تا 13 ساڵ لە ڕێککەوتنەکە ئێران دەتوانێ زیاتر لە 5000 سانترفیوژی ناکارامەی خۆی لەگەڵ 3500 سانترفیوژی مۆدێرنیی نوێ بگۆرێتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا ئەو ئاکامگیرییە کراوە کە بەهۆی ئەوەی کارایی دەزگا نوێینەکان پێنج هیندەی ئەوانەی پێشوویە، ئەو کاتەی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتومی دەیهەوێ لە یەک ساڵڕا بۆ شەش مانگ لە کەمی دەدا.
ئاسۆشیتێدپرێس دەڵێ ئەو بەڵگەنامەیە بە جیا ئامادەکراوە، بەڵام بەشێک لە رێککەوتنەکەیە و هەم ئێران و هەم شەش وڵاتەکەی لایەنی وتووێژ، واتە ئەمریکا، فەڕانسە، بریتانیا، چین، ڕووسیە و ئاڵمان ئیمزایان کردوە.